ڕۆڵی زانکۆکان لە جێبەجێکردنى ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەجێنداى 2030 چیە؟

posted Aug 21, 2022, 2:52 PM by Pshtiwan Faraj Mohammed

ڕۆڵی زانکۆکان لە جێبەجێکردنى  ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەجێنداى 2030 چیە؟


نوسینى: د. پشتیوان فەرەج

ب. پەیوەندیەنێودەوڵه‌تیەکان

زانکۆى چەرموو


ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان کەلە هەمان کاتدا ناسراوە بە ئەجێنداى 2030 لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 2015 دا دەستنیشان کراوە و فەندى بۆ تەرخان کراوە لەسەر ئاستى نێودەوڵه‌تیدا و لە چەندین ڕه‌هەند و پرۆگرامى جیاوازدا خۆى دەبینێتەوە. 

ئەم ئامانجە دوورمەودایانە ئامانجى جیهانین بەڵام لەسەر ئاستى نیشتمانى و لۆکاڵیدا جێ بەجێ دەکرێن و کاریان لەسەر  دەکرێت. ئامانجەکان خۆیان لە 17 خاڵدا دەبیننەوە کە هەریەکە لەو ئامانجانە وەها داڕێژراوە کە بتوانرێت تا ساڵی 2030 ببێت بە نەخشە ڕێگاى ئاشتى و سەقامگیرى و خۆشبەختى جیهانى بۆ جانیشتوانى گۆی زەوى و هەسارەکەمان لە ئێستا و ئایندەدا بپارێزین. ئەم ئامانجانە لە ساڵی 2015 دا لەلایەن ئەنجومەنى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند کراوە و فەندى بۆ تەرخان کراوە. 


ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان چین؟


بەکورتى ئامانجى یەکەم نەهێشتنى هەژاریە, ئامانجى دووەم نەهێشتنى برسێتیە, ئامانجى سێیەم تەندروستى باشە بۆ هەموان, ئامانجى چوارەم خوێندنى باشە, ئامانجى پێنجەم یەکسانى جێندەریە, ئامانجى شەشەم ئاوى خواردنەوە پاکژە بۆ هەموان, ئامانجى حەوتەم ووزەى پاکژ و هەرزانە, ئامانجى هەشتەم پیشەی سەربەزانە و گەشەى ئابوریە, ئامانجى نۆیەم گرنگیدانە بە پیشەسازی و داهێنانى و ژێرخانە, ئامانجى دەیەم کەمرکدنەوەى نایەکسانیە, ئامانجى یازدەیەم دروستکردنى شار و کۆمەڵگاى هاوچەرخی دوورمەودایە, ئامانجى دوازدەیەم بەرهەمهێنان و بەرخۆری بەرپرسیارانەیە, ئامانجى سیازدەیەم کرداری پێویستە بۆ بۆ کەشوهەوا, ئامانجى چواردەیەم پاراستنى ژیانە لە ژێر دەریا و ئۆقیانوسەکان, ئامانجى پازدەیەم پاراستنى ژیانە لەسەر زەوى, ئامانجى شازدەیەم ئاشتى و عەدالەت و دامەزراوەى بەهێزە, ئامانجى شازدەیەم ڕەخساندن و دۆزینەوەى کارى هاوبەشە بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکان و کۆتا خاڵیش نابێ کەس بەجێ بهێڵدرێت.


ئایا ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان چ کاریگەریەکیان هەیە لەسەر زانکۆکان و بە پێچەوانەشەوە ڕۆڵی زانکۆکان چین لە جێبەجێکردنى ئەجێندای 2030 ى نەتەوە یەکگرتوەکان کە ناسراوە بە ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان؟

 

لە ڕاستیدا دەزگاکانى خوێندنى باڵا و زانکۆکان ڕۆڵێکى ئەوتۆیان نەبووە لە داڕشتنى ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان. لەسەرەتادا ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان ناسراو بوو بە ئامانجەکانى گەشەپێدانى هەزارەى نوێ واتە ئامانجەکانى سەدەی بیست و یەک (میلینیەم دیفێلەپمێنت گۆڵز). چونکە لەو کاتەى کە ئامانجەکان دیاری کران گرنگى زیاتر درا بە خوێندنى سەرەتایی و ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ چوونە قوتابخانە.


بەڵام وردە وردە ئامانجە دوورمەودان و گەشەپێدانى نێودەوڵه‌تى خۆیان بوون بە دیسیپلینى بواری خوێندن و جێگەرى سەرنجى توێژەران و خوێندکارانى زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمیەکان. وردەوردە زانکۆکان دەستیان کرد بەبەرهەم هێنانى توێژینەوە و کۆکردنەوەى داتا و ئەنجامدانى شیکارى بۆ جێبەجێکردن و سوودوەرگرتن لە ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان و  ئامانجەکانى گەشەپێدانى هەزارەی سێیەم. دەتوانین بڵێن زانکۆکان لە دەرەوەى کارى نەتەوە یەکگرتوەکانەوە زیاتروەک چاودێر کاریان لەسەر هەر 17 ئامانجەکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە.


ئەو فەندەى کە تەرخان کراوە بۆ ئامانجە دوورمەوداکان ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت زانکۆکان ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت لە جێبەجێکردنى ئەجێنداى 2030 ى نەتەوە یەکگرتوەکان. ئامانجى 4 چوارەم بەشی 3 سێ بەتایبەت باسی ڕۆڵی زانکۆکان دەکات کە دەبێت دەرفەتى یەکسان بۆ ژنان و پیاوان بڕەخسێنن بۆ ئەوەى بتوانن بە کەمترین تێچوو لە زانکۆکان یان خوێندنە پیشە و تەکنیکیەکەکان بخوێنن. لە ئێستادا زۆربەى پسپۆرانى بوارى خوێندن لە زانکۆکاندا و بەرپرسانى نەتەوە یەکگرتوەکان لەوباوەڕەدان کە نایەکسانى لە کەرتى خوێندنى باڵادا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانى هەژاری.


نەتەوە یەکگرتوەکان دەیەوێت زانکۆکان سێ ڕۆڵیان سەرەکیان هەبێت لە جێبەجێکردنى ئەجێنداى 2030 ى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەدیهێنانى ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان بەم جۆرەى خوارەوە:


 

١. فراوانکردنى سەرمایەى مرۆیی

سەرەتا لە ڕێگەى ڕأهێنانى خوێندکارانى زانکۆ و ئاشنا کردنیان بە ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان و زانینى بەهاى ئەو ئامانجانە کە چۆن کار و پیشەکانیان باشتر دەکات لە ئایندەدا و چۆن لە مەوداى دوورخایەندا لێ ی سوودمەند دەبن. پێویستە ئامانجە دوورمەوداکان تەنها تایبەت نەبن بە کار و پرۆگرامى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانى وەک نەتەوە یەکگرتوەکان بەڵکو ببێتە بە وانە و بەشێکی گرنگى پرۆگرامى خوێندن لە زانکۆکان.بەڵام گرنگە لە زانکۆکان کە تەنها 17 ئامانجە کە لەبەر نەکەن بەڵکوو سوود لە پرینسیپەکانى وەرگرن لە خوێندن و پیشە و کارى ئایندەیاندا. ئەو 17 ئامانجەى نەتەوە یەکگرتوەکان لەیەکتر دانەبڕاون بەڵکو تەواو گرێدراوى یەکترن و بەقوڵی پەیوەندیان بە یەکترەوە هەیە. پێویستە زانکۆکان وەها خوێندکاران پەروەردە وگۆش بکەن کە لە پیشە و کارى ئایندەیاندا کار بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتى و ئابورى و ژینگەییەکانى ئەو ئامانجانە بکەن. هەروەها پێویستە زانکۆکان ببن بە ناوەندێکى نوێ بۆ پرۆگرامى ڕاهێنان بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە زانکۆ نین و لەوێ ناخوێنن یان خوێندکاری زانکۆ نین. بۆ نمونە کۆرسی مووک هەیە کە بریتیە لە کۆرسی گەورەى ئۆنلاینى کراوە باشترین  نمونەیە بۆ ئەوەى زانکۆ تەنها ناوەندێک نەبێت قەتیس کرابێت بە خوێندکارانى زانکۆ بەڵکو کۆمەڵگا بە گشتى سوود لە کۆرس و پرۆگرامەکانیان وەربگرێت. پێویستە لە ئێستا بەدواوە خوێندن ببێت بە فۆرمى هیبرید واتە تێکەڵەیەک لە خوێندنى ئۆنلاین و ئۆفلاین یان خوێندن بە جۆرێک بەردەست بێت هەرکەى هەر کات لە هەر شوێنێک ویستت بتوانیت سودى لێ وەربگریت وەک ڕاهێنان و کۆرس و پرۆگرامەکانى ناسراو بە هیبرید وەک کۆرسەکانى خوێندن لە ماڵپەڕی کۆرسێرا کە هەموو کەس لەسەر ئاستى جیهان دەتوانێ بەبێ بەرامبەر یان بە پارەیەکى کەم کە بریتیە لە 49 دۆلار کۆرسی دڵخوازى خۆی وەربگرێت. ئەم جۆرە خوێندنانە بەبەردەوامى و بە درێژایی ژیانى فێرخوازان سوودى دەبێت و جۆرە فێربوونێکن بە هیبرید ناسراون.


 ٢. توێژینەوە

توێژەرى زانکۆکان لە پێگەیەکى باشدان بۆ ئەوەى کار لەسەر ئامانجە دوورمەوداکان بکەن و تێبگەن کە چ ڕێچکەیەک زیاتر کاریگەرە و باشترە بۆ پرۆسەى جێبەجێکردنى ئەجێنداى 2030 ى نەتەوە یەکگرتوەکان. هەندێک لەتەوەرەکان پێویستى بە چوارچێوەى نوێ ی فیکرى هەیە بۆ جێبەجێکردن. بۆ نمونە ئەو چوارچێوە و ڕێچکانە هاریکار دەبن لە باشتر تێگەشتن لە پەیوەندی هەریەک لەو ئامانجانە بەوانى دیکە. هەروەها لە ڕێگەى توێژینەوە وە باشتر تێدەگەین کە تێچووى جێبەجێکردنى هەریەک لەو ئامانجانە چین و ئایا ئەگەر وەبەرهێنان نەکرێت لە جێبەجێ کردنى هەریەک لەو ئامانجانە لەکاتى خۆیدا باجەکەى چەند لەسەر حکومەت دەکەوێت. بەواتایەکى دیکە تێچونى جێبەجێ کردنى هەریەک لەو ئامانجانە چین و ئەى ئەگەر ئەو ئامانجانە جێ بەجێ نەکرێت باجەکەى چی دەبێت.

توێژینەوەى کرداریانە و تێگەشتن لە بەکاربەران (ئەوانەى سیاسەتى وڵات دادەڕێژن هەروەها کەرتى تایبەت و کۆمەڵگاى مەدەنى چ ڕۆڵێکیان هەیە) زۆر پێویستن بۆ بەدی هێنانى ئەو ئامانجانە. ئەجێنداى 2030ى نەتەوەیەکگرتوەکانکە ناسراوە بە ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان ئەجێندایەکى گەردوونى و جیهانیە بۆیە پێویستە توێژەرەکان لەسەر ئاستى جیهانی و نیشتمانیدا باس لە جێبەجێکردن و گرنگى ئەو ئامانجانە بکەن هەروەهاا شۆڕى بکەنەوە بۆ ئاستى ناوخۆی و خۆجێ ی ئەو ناوچانەى کە پەیوەستنبە کۆمەڵگا خۆجێییەکان. هەروهادۆزینەوەى خاڵى هاوبەش لە نێوان وڵاتان و هەرێم و ناوچە جیاوازەکان بۆ ئەوەى بزانن وڵاتان و ناوچە و هەرێمەکانى دیکە تا ئێستا چیان کردوە و ئایا دەکرێت ئەو ڕێچکانەى ئەوان دوبارە یان لاسایی بکرێنەوە؟ لەبیرتان بێت گرنگترین تەوەرى ئەو ئامانجانە ئەوەیە کە نابێت کەس بە تەنها لە دواوە جێ بهێڵڕێت و ئەوانەى زۆرترین موعاناتی هەژاریان هەیە زیاتر هاوکارى بکرێن چونکەئەوان زۆرترین پێویستیان هەیە. بۆیە دەکرێت زانکۆکان کارى هەماهەنگى لەگەڵ یەکتر بکەن و باس لە نایەکسانى لە دابەشکردنى زانکۆ و ناوەندەکانى توێژینەوە بکەن. زۆربەى جار ناوچە زۆر هەژارنشینەکان ئەوانەن کەزانکۆیان نیە و ناوەندى توێژینەوەى گرنگیان نیە و هەبوونى ئەو ناوەندانە لە هەرێم و شوێنە جیاوازەکاندا زۆر پێویستن بۆ تێگەشتن لە گەشەپێدانە دوورمەوداکان کە بۆ  ئەو شوێنانە پێویستن.

 

 ٣. جێبەجێکردنى ئەجێنداکە

 تا دێت زانکۆکان ڕۆڵیان دەگۆڕێت لە ڕۆڵی چاودێرەوە بۆ ڕۆڵی بکەر یان ئەکتەرى گرنگى جێبەجێکردنى ئەو ئەجێندایە ئەویش بە هاوبەشی کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى وەک کەرتى ڕێکخراوە نێودەوڵه‌تیەکان و کۆمەڵگاى مەدەنى و کەرتى تایبەت  بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە. تا دێت خوێندکاران و ئەکادیمیان و توێژەرەکانى زانکۆ بەشدارى زیاتر دەکەن لەو پڕۆژانەى کەلەلایەن پسپۆران و بڕیار بەدەستان و داڕێژەرانى سیاسەت کار بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکان دەکەن. زانکۆکان بە جیدى وەبەرهێنان دەکەن لە گەشەپێداندا و ئەمەش ئێستابووە بە نەریتى باو لە جیهانى ئەکادیمیدا. ئەم ڕێچکەیە ناسراوە بە ڕێچکەى کلینیکى بریتیە لە دەستێوەردانى گرنگ لە بوارە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا. بەڵا زۆر گرنگە کە پڕۆژەکانى گەشەپێدانى زانکۆکان دابڕاو نەبن و بەشێکی پەیوەست بن لە هەوڵه‌ گەورە و کاریگەرەکانى لایەنى دیکەى پەیوەندیدارى وەک حکومەت و وەزارەتەکان و کۆمەڵگاى مەدەنى و کەرتى تایبەت. بۆ نمونە یەکێک لە پرۆگرامەکانى فەندى گەشەپێدانى دوورمەوداوى نەتەوەیەکگرتوەکان لە شارى کونۆجێبەجێ دەکرێت چونکەئەو شارە یەکێکە لە هەژارترین شارەکانى ئەو وڵاتە لەکاتێکدا ئەو شارە یەکێکە لەکاریگەرترین شارى سریۆلیۆن لەبوارى بەرهەمهێنانى پیشەسازی کانزاکاندا. زانکۆی کۆڵەمبیا لایەنێکى هاوبەشە لە پڕۆگرامێکى هاوبەش لەگەڵ ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان و کەرتى تایبەت و حکومەتى نیشتمانى بۆ بەکارهێنانى سیستەمى زانیارى جیۆگرافی و تەکنەلۆجیا بۆ  باشتر تێگەشتن لەو هەرێمە و چۆنیەتى دەربازکردنى لە هەژاری لەدواى ئەوەى کە ئەو هەرێمە بەدەست دە ساڵ لە شەڕ و ململانێ سیاسی و نەخۆشی ئیبۆلا لە ساڵی 2014 ناڵاندى.


ئێستا هەمومان لەگرنگى و بەهاى زانکۆکان تێدەگەین لە جێبەجێکردنى ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدان هەربۆیە فەندى ئەم ئامانجانە کورسیەکى لە هەندێک لە زانکۆکاندا تەرخان کردوە بۆ کارى هەماهەنگى لەگەڵ توێژەران و خوێندکاران و زانکۆکان لەسەر ئاستی جیهاندا و هەمویان پێکەوەى کارى داکۆکى دەکەن بۆ ئەوەىزانکۆکان ڕۆڵی پێشەنگیان هەبێت لەو 8 ساڵەى کە ماوە بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانى ئامانجە دوورمەوداکانى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە ئەجێنداى 2030.

لە ئێستادا زانکۆ باشەکانى جیهان کێبرکێ یانە لەگەڵ یەکدیدا بۆ ئەوەى بزانن چۆن یەکێک لەو ئامانجانە بە باشترین شێوە جێ بەجێ بکرێت وە چۆن ئەو ئامانجانە بەدێ دێنن بەهاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى وەک حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵةتى و کەرتى تایبەت. هەروەها پێشەنگى و بەشێکی دیارى فەند و هاوکاریەکان دەدرێت بەو زانکۆیانەى کە ڕێچکەى داهێنەرانە دەدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردن و شێوازى بەدیهێنانى تەنانەت یەکێک لەو ئامانجانە. نەک زانکۆکانى کوردستان و عێڕاق بگرە بەشێکی زۆرى زانکۆ ناراوەکانى جیهان درەنگ درکیان بە گرنگى ئەو ئامانجانە کردوە و زۆر درەنگتر  لە کەرتى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کاریان لەسەر کردون. ئامانجیش لەم نوسینە ئاوڕدانەوە گرنگی دانى زیاترە بۆ بەدی هێنانى ئەجێنداى 2030 ئەویش بەهاوکارى زانکۆکان.

ئەم پۆستە بەشێکى زۆر کورتى چەند زنجیرە نوسینێکە تایبەت بە ئامانجە دوورمەوداکانى نەتەوەیەکگرتوەکان و دەستنیشان کردنى ڕۆڵی زانکۆکان لە بەدی هێنانى ئەو ئامانجانە



 
Comments