ستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆی چەرموو بۆ ساڵانى (2019 -2023)

posted Aug 15, 2022, 9:36 AM by Pshtiwan Faraj Mohammed
ستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆی چەرموو

(٢٠١٩ -٢٠٢٣)

دیدى زانکۆى چەرموو
دیدی زانکۆی چەرموو گرنگیدانە بە توێژینەوە و وانە گوتنەوە و پەیامى سێیىەم لەسەر ئاستێکی بەرزى نێودەوڵه‌تى بۆ سوود گەیاندن بە مرۆفایەتى. دیدمان گرنگی دەدات بە داهێنان و بیرکردنەوە لە ئایندەى کۆمەڵگاکەمان و لەدەرەوەی سنورە لۆکاڵی و نیشتمانیەکان. لەم سۆنگەیەوە زانکۆمان گرنگیەکى زۆر دەدات بە کارى هاوبەش و پێکەوەیی لەگەڵ زانکۆ و هاوبەشەکانى لەدەرەوەى وڵات و هەوڵدان بۆ ئەوەى زانکۆکەمان بکەین بە دامەزراوەیەکى تۆکمەى زانستی و مەعریفی بە جۆرێک لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دانپیادانراو و ناسراو بێت ئەویش بە گرنگیدان و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى توێژینەوە و فێربوون و قوڵکردنەوەى پێگەى زانکۆمان لە سەرجەم کایە گرنگەکانى کۆمەڵگادا بەتایبەتى بەهێزکردنى پەیامى سێیەمى زانکۆمان.

ئەرکى زانکۆی چەرموو
زانکۆی چەرموو کار دەکات بۆ ئەوەى ببێت بە ناوەندێکى کاریگەرى زانستی و مەعریفی بەجۆرێک وەڵامى خواستە جیاوازەکانى کۆمەڵگاکەمان لە سەدەى ٢١ دا بداتەوە. کاردەکەین بۆ ئەوەى خوێندکاران لەبوارى زانستی و مرۆیی و مەعریفیدا پێبگەن و داهێنەر بن. پەیامى سەرەکى زانکۆمان کارکردنە بۆ ئەم ئامانجانەى خوارەوە:
- ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار و کارئاسانکاری بۆ خوێندکار و ستاف و مامۆستایان بۆ ئەوەى ئاستى مەعریفی و توانست و تێڕوانین و کارى پیشیەییان بەرەو پێش ببەن بەجۆرێک ئاستی ژیانى خۆیان و کۆمەڵگایان باشتر بکەن.
- کارکردن بۆ ئەوەى زانکۆمان ببێتە بە پێشەنگى ناوەندە زانستی و مەعریفیەکان لە کوردستان و عێڕاقدا و ڕۆلی سەرکردایەتى ببین لە پێش خستنى زانستە کۆمەڵایەتیەکان و زانستە سروشیەکان و داهێنان و نوێگەرى بۆ چارەسەرکردنى پرسە هەنوکەییە گرنگەکانى کۆمەڵگاکەمان کەلە سەدەى ٢١ ڕووبەڕووى دەبێتەوە.
-  گرنگیدان بە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانستی لە گەڵ زانکۆ کاریگەرەکانى جیهان لەبوارەکانى جێندەر و ژینگە و سەرکردایەتى و ماف مرۆف و مافی گەنجان و ژنان و کەمایەتیەکان و گرنگى دان بە پرسە هەستیارەکانى ناو کۆمەڵگا.
- بەهێزکردنى پێگەى زانکۆمان لە هەرێمى کوردستان عێڕاق و ڕەخساندنى دەرفەتى بەرەو پێشچوون لە ژیانى مەدەنى و ئەکادیمى و زانستى و هەماهەنگیکردن لە گەڵ کەرتى تایبەت و کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان بۆ کارى هاوبەش.

ستراتیژى بەنێودەوڵەتى کردنى چەرموو لەم هەنگاوانەى خوارەوەدایە

١. بەهێزترکردن و دەرکەوتنى  زانکۆمان لەسەر ئاستى جیهانیدا ئەویش بە گرنگیدان بە پرسە جیهانی و نیشتمانی و لۆکاڵیەکان. گرنگیدان بە پەیامى سێیەمى زانکۆ کە تا ئێستا زانکۆ کوردیەکان تەنها گرنگی بە وانەگوتنەوە و توێژینەوەى زانستى دەدەن بەڵام پەیامى  سێیەمى زانکۆیان فەرامۆش کردوە. پەیامى سێیەمى زانکۆ ناسراو بە (سیرد میشن) گرنگی زیاتر بدرێت بە کاریگەرى و کارلێککردن و ئاڕاستەکردنى کۆمەڵگا لەلایەن زانکۆوە ئەویش بە گرنگیدان بە چالاکى مەدەنى و کارى داکۆکیکردن لە مافەکانى ژن, منداڵان, گەنجان, مافى مرۆف, و پرسی جێندەر و ژینگە و هۆشیارى فرەکەلتوری و پێکەوەژیان, کەمینەکان وەک خاوەن پێداویستى تایبەت گرنگیدان بە دەستپێشخەرى هەلى کار.

٢. بەرەوپێشببردنى کوالیتى پەروەردە, توێژینەوە, وانەگوتنەوە, و بەشداریکردن لە کۆنفرانس و ۆرکشۆپ و ڕاهێنانە جیهانیەکاندا, گرنگیدان بە زمانى ئینگلیزى, بەنێوده‌وڵەتیکردن لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە,  بەهێزکردنى سەنتەرى توێژینەوە, زیادکردنى فەند بۆ زانکۆمان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵتیەکان و یەکێتى ئەوروپا و نوێنەرایەتى وڵاتان لە عێڕاقدا و بەرەو پێبردنى کارى هاوبەش لەگەڵ کەرتى تایبەت.

٣.ئامادەکردن و پێگەیاندنى خوێندکاران بۆ جیهانێکى بەگلۆبالیزەکراو ئەویش لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕ و ناردنى خوێندکارانمانب ۆ زانکۆکانى دەرەوە بەتایبەتى ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا. گرنگیدان بە هێنانى خوێندکارى بیانى بۆ خوێندنلە زانکۆی چەرموو و توێژینەوە لەوبوارانەى کە پەیوەستن بە کوردستان وەک جینۆساید و کەلەپور و شوێنەوارناسی و نەوت و گاز و سامانە سروشتیەکان.

٤. پەیوەستکردنى ستراتیژی بەنێودەوڵەتیکردن بە پلانى گەشەپێدانى زانکۆوە: زانکۆی چەرموو پرسی بە نێودەوڵەتیکردن بە هەند وەردەگرێت ئەویش لە ڕێگەى بەهێزکردنى ژێرخان و پرۆگرامى خوێندن و چالاکیە زانستیەکان و تەرخانکردنى زۆرترین ووزە و سەرچاوەکانى زانکۆکە بۆ ئەوەى زانکۆى چەرموو ببێت بە دامەزراوەیەى موعتەبەرى زانستى و مەعریفی و توانستی لە هەرێمى کوردستانی عێڕاق و هەبوونى پرۆفایلێکى نێودەوڵەتى.

٥. داڕشتنى میکانیزمێکى چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ کارى دامەزراوەی زانکۆی چەرموو بۆ ئەوەى پرۆسەى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ چاودێری بکرێت و دەستکەوت و سەرکەوتنەکان تۆمار بکرێن بەڵام لەهەمان کاتدا خاڵی لاواز و کەموکورتیەکان دەستنیشان بکرێت. ئەم کارەش لە ڕێگەى دڵنییی جۆرى زانکۆ و کۆمیتەیەکى تەرخان کراو پێکهاتبێ لە مامۆستایان و سەرۆک بەش و ڕأگرەکان و چەند ئەندامێکى دیکەى سەنتەرى توێژینەوە و بەشى ئای تى و و چەند ناوەندێکى دیکەلە  زانکۆ تیایدا کار بکەن و ساڵانە ڕاپۆرتى خۆیان بنوسن و پێشکەشی ئەنجومەنى زانکۆى بکەن.

نوسینى: د.پشتیوان فەرەج
 ب.پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان 


Comments