شاندێکی زانستی زانکۆی چەرموو سەردانی شاری کەربەلا و بەغدادیان کرد

posted Dec 20, 2022, 9:00 AM by Pshtiwan Faraj Mohammed
شاندێکی زانستی زانکۆی چەرموو سەردانی شاری کەربەلا و بەغدادیان کرد

لەبەرواری 17 ى کانونی یەکەمی 2022 شاندێکی زانکۆی چەرموو کە پێک هاتبوون لە سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. هەڵەت ڕەشید عبداللە, بەڕێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان د.پشتیوان فەرەج,بەڕێوەبەری یەکەی وەرزشی زانکۆ د. موهەنەد عەبدولئیلا ,سەرۆکی بەشی فیزیای کرداری  د. نەکتەل عەبدولحافیز حوسەین دولەیمی و د.کارزان صدیق مامۆستا لەبەشی زانستی پزیشکی تاقیگەیی لە گەشتێکی دوو ڕۆژەدا  سەردانی شاری کەربەلا و بەغدادیان کرد.

لە ڕۆژی یەکەمى سەردانەکەدا شاندەکە سەردانی نوسینگەى ئەمینداری گشتی عەتەبەی ئیمام حوسەین حاجی حەسەن رەشید جەواد کرد و تیایدا باسیان لە گرنگی کاری هاوبەشی زانستی لە نێوان هەردوولادا کرد. ئەمینداری گشتی پێشوازیەکی زۆر گەرمی لە شاندی زانکۆی چەرموو کرد و خۆشحالی خۆی نیشاندا کە شاندی زانکۆی چەرموو سەردانی سێ پڕۆژەی گرنگی ستراتیژی لەبواری وەبەرهێنان و گەشەپێدانی سەر بە عەتەبەی حوسەینیە لەشاری کەربەلا بکەن.

یەکەم سەردانی شاندەکە بۆ کارگەی دروستکردنی دەرمانی ئوروک بوو کە تیایدا لەلایەن بەڕێوەبەر و ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەوە سیمینارێک پێشکەشکرا و تیایدا ئامانج و دید و ڕوانگە و ستراتیژیەتی کارگەکە ڕوونکراوەیەوە کە بڕیاڕ وایە لە مانگی ئازاری 2023 کارگەکە دەست بکات بەبەرهەم هێنانی دەرمان و ڕۆژانە 15 ملیۆن لە 23 جۆری جیاوازی دەرمان بەرهەم بهێنێت. دواتریش سەردانێکی مەیدانی بۆ ناو کارکەگە ڕێکخرا و شاندەکە ئاشنا کران بە هەموو ئەو جۆرە ئامێرە ئەلیکترۆنیانەی کەلە لەکارگەکەدا کاریان پێدەکرێت.

دواتر هەر هەمان ڕۆژ شاندەکە سەردانی پڕۆژەی کشتوکاڵی ناشتنی دارخورمای فەدەکیان کرد لە شاری کەربەلا و لەلایەن ئەندازیاری کشتوکاڵی فائیز عیسا ابو المعالی کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە سەردانێکی مەیدانی ڕێکخرا بۆ سەر پڕۆژەکە. ئەم پڕۆژەیە لەدووری 30 لە شاری کەربەلاوە وە لەسەر ڕووبەری 2000 دوو هەزار دۆنم  بڕی 65 هەزار دارخورمای تیادا نێژراوە و هەر دارخورمایەک لە تواناى هەیە کە بڕی 150 کیلۆگرام بەرهەمی ساڵانەی هەبێت. پڕۆژەکە لە ساڵی 2016 دامەزراوە و بەردەوام لە فراوان بووندایە.

لە کۆتایی سەردانەکەی شاری کەربەلا شاندی زانکۆی چەرموو سەردانێکی مەیدانی کامپی نوێ ی زانکۆی زەهرای سەربەعەتەبەی حوسیەینیە کرد کە تەنها زانکۆیە لە هەموو عێڕاقدا بۆ خوێندکارانی کچ دامەزراوە.

لەڕۆژی دووەمی سەردانەکەدا سەردانی سەنتەری مشەوەرە بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان لە شاری بەغداد کرد. ئامانج لەم سەردانە گفتگۆکردن و لێکتێگەشتن بوو بۆ کاری زانستی هاوبەش. هەریەکە لە سەرۆک و ئەندامانى کارگێڕی سەنتەرەکە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆی چەرموو و لەوانەش ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی زانستی بەناوی زانکۆی چەرموو. جگە لەوەش تەرخانکردنی  پێنج کورسی  بۆ مامۆستایانی زانکۆی چەرموو بەشداریکردن لە خولێکی ڕاهێنانی تایبەت لەبواری ئەتەکێت و مامەڵەکردنی دامەزراوەیی لەبواری پەروەردەدا کە بڕیاڕ وایە لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی لە ساڵی ئایندەدا بچێت بەڕێوە.

ئەم وێنانەش کە هاوپێش کراون سەردانی شاندی زانکۆی چەرمووە بۆ عەتەبەی حوسەینیە, کارگەی دەرمانی ئوروک, پڕۆژەی دارخورمای فەدەک, زانکۆی ئەلزەهرا, سەنتەری مشەورە بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان و مەیدانی تەحریر لە بەغداد.
















Comments