بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنى باڵا لە ڕێگەى سەرکردایەتیکردنى بەشى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆ بەشى یەکەم نوسین و ئامادەکردنى: د. پشتیوان فەرەج بەڕێوەبەرى بەشى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان, زانکۆى چەرموو بۆچى لە دەیەى دووەمى سەدەى بیست و یەکدا بەنێودەوڵەتیکردن پرسێکى سەرەکى خوێندنى باڵایە؟ ئایا بەنێودەوڵەتیکردن یەکسانە بە بەجیهانیبوون؟ واقیعى سەردەى بیست و یەک واعیقى بەجیهانیبوونە, تا دێت ئەدەبیاتى بەنێودەوڵەتیکردن لە زیادبوندایە چونکە دەیان هۆکار هەیە بۆ ئەوەى زانکۆکان گرنگى بدەن بە بەنێودەوڵەتیکردنى کەرتى خوێندنى باڵا. لە ئێستا ئەو چاوەڕوانیە هەیە لە زانکۆکان کە دەبێت ئامادەییەکى گرنگیان هەبێت لە پرسە گرنگ و چارەنوسازەکانى جیهاندا چونکە زانکۆ بەشێکى دانەبڕاوى کۆمەڵگا و بازاڕ و سیاسەت و ئابوریە. زانکۆش پێویستە لە گۆشەنیگایەکى جیهانیاینەوە بە هاوبەشی کارکردن لەگەڵ کەرتە گرنگەکانى دیکەدا خوێندن و فێربوون بڕەخسێنێت.
ئامانجەکانى بەنێودەوڵەتیکردن بریتین لە:
ئامانجى ئەکادیمى (بەهێزکردنى خوێندنى لیبڕاڵ, پێگەیاندنى دەرچوانى زانکۆ و خاوەن توانست لەسەر ئاستی جیهانیدا, بەهێزکردنى کوالیتى توێژینەوە) ئامانجى ئابورى و دەستپێشخەرى پێشەنگى کار (ئامادەکردنى خوێندکارانى بۆ بازاڕى کارکردن, گەشەپێدانى ئابورى ناوخۆی وڵات, زیادکردنى داهات بۆ زانکۆ و ڕەخساندنى دەرفەتى کارکردن و پڕۆژەى هاوبەشى کەرتی تایبەت و حکومى) ئامانجى کۆمەڵایەتى (بەدیهێنانى عەدالەتى کۆمەڵایەتى, و گەشەپێدانى بەهێزکردنى دامەزراوە حکومیەکان تەنها لە ناوخۆی وڵاتدا بەڵکو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا) ئامانجى ئەمن و ئاسایشى نیشتمانى و سیاسەتى دەرەوەى وڵات ( بەرهەمهێنانى پسپۆر و شارازایانى بوارى زمان و دیراساتى ناوچەیەکان, پێگەیاندنى پسپۆرانى بوارى پرسە گرنگە جیهانیەکان و بەشداریکردن لە دیپلۆماسی گشتى وڵاتدا). لە زۆربەى زانکۆ دیار و کاریگەرەکانى جیهاندا سەرکردە و سەرۆک و بڕیاڕبەدەستەکان خۆیان کەسانى کاریگەر و پسپۆر و شارەزان لەپرسى سەرکردایەتیکرندا و گرنگیەى زۆر دەدەن بەهەر یەک لەو ئامانجانە. زۆربەى سەرۆک و وەزیر و کەسایەتیە کاریگەریەکان خۆیان ڕابەرن لە وروژاندنى پرسە گرنگە جیهانیەکان. بەڵام هەریەک لە و سەرکردە و ڕابەرانە بۆچونى جیاوازیان هەیە سەبارەت بە ئەولەویەتى هەریەک لەو ئامانجانە و بۆچونى جیا هەیە لەوەى کام لەو ئامانجانە دەبێت گرنگی زیاتر پێ بدرێت. بۆ زۆربەى زانکۆکان بەنێودەوڵەتیکردن بریتیە لە چەند پرۆگرامێک و چەند چالاکیەک لەناو کامپەسی زانکۆدا وەک ناردنە دەرەوەى خوێندکار بۆ دەرەوەى وڵات بۆ تەواوکردنى سیمستەرێک یان پڕۆگرامێک, یان هێنانى خوێندکاری بیانى بۆ ناو زانکۆی خانەخوێ, هاوبەشیکردن لە پڕۆژەى نێودەوڵەتی و بەنێودەوڵەتیکردنى مەنهەج (ئەمەیان هێشتا وەک پێوست لەسەر ئاستى جیهاندا گرنگى پێ نەدراوە) و چەندین زنجیرە چالاکى جیاواز. هەندێک لەو چالاکیانە دەستپێشخەرى بەهێزن بەڵام تا ئێستا ستراتیژیەتێکى دیاری کراو نیە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان. زۆربەى بەڕێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەو باوەڕەدان کە پێویستە ستراتیژیەتێکى یەکگرتوو هەبێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت کەزیاد کردنى یەک دوو پرۆگرام یان یەک دوو پڕۆژە یان ناردنى چەند خوێێندکارێک بۆ دەرەوەى وڵات یان هێنانى یەک دوو مامۆستاى بیانى بۆ ناو زانکۆکان هەرگیز یەکسان نیە بە بەنێودەوڵەتیکردن. بە کوردیەکەى زیادکردنى چەند چالاکیەکى ناو زانکۆ بەشێوە کۆنەکە یان ئەنجامدانى هەمان کار بەشێوەیەکى جیاواز یەکسان نیە بە بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ. پێوست بە ڕێچکەیەکى گشتگیرى بەنێودەوڵەتیکردن هەیە بۆ زانکۆکان. ئەم ڕێچکە گشتگیرە پێى دەگوترێت کۆمپریهێنسیف ئینتەناشناڵیزەشن. لەم ڕێچکەیەدا هەموو زانکۆ دەخرێتە خزمەتى بەنێودەوڵەتیکردن. واتە زۆربەى پرۆگرام و چالاکی زانکۆکان بەمەبەست وەها دادەڕێژرێت کە ڕەهەندى بەنێودەوڵەتیکردنیان تیادا بێت.واتە زانکۆ خواستێکى گەورەى هەبێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردن.لەم دۆخەدا پرۆسەى بەنێودەوڵەتیکردن سەرجەم کایەکان و چالاکیەکانى ناو زانکۆ دەگرێتەوە و زۆرترین کاریگەرى لە سەر خوێندکار و ستاف و مامۆستایان و سیاسەتى زانکۆ و پەیڕەو و پرۆگرام کەلتورى دامەزراوەکە دەبێت. پرۆسەى بەنێودەوڵەتیکردن جۆرێکە لە ستراتیژیەتێک کە باڵدەکێشێت بەسەرجەم کایەکانى زانکۆ. ئەم پرۆسەیە پێویستى بەهەوڵى سەرکردایەتیکردنى بەرپرس یان بەڕێوەبەڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە پلەی یەکەم, هەروەها هاوکاری و پاڵپشتی سەرۆکى زانکۆ و جێگرەکان و ئەنجومەنى زانکۆ و ڕاگڕ و سەرۆک بەشەکان لەگەڵ سەرجەم ستافی ئەکادیمى و مامۆستایانى زانکۆ و سەرجەم بەش و کۆلێژەکان هەیە. پێویستە هەر تەنها هەوڵى تاکەکەسى بەشى پەیوەندییەکان نەبێت و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕى پێ بکرێت سەرجەم زانکۆ ئاگاداری کاری بەشى پەیوەندیەکان ببن, بەبێ پشتگیرى تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر پرۆسەى بە نێودەوڵەتیکردن سەرکەوتوو نابێت. بەنێودەوڵەتیکردن زۆر جار لەگەڵ چەمکى بەجیهانى بوون تێکەڵ دەکرێت. ئەم پرۆسەیەش پێویستە بۆئەوەى خوێندنى زانکۆ لەبەرزترین ئاستدابێت و لە ئاستى چاوەڕوانیە لۆکاڵى و نیشتمانى و هەرێمایەتیەکان گرنگتر بێت و گرنگى بەپرسە جیهانیەکان بدرێت. لە ئێستا ئەگەر خوێندنى زانکۆ گرنگى بەپرسە گرنگە هەنووکەییە جیهانیەکان نەدات ئەوا ئەو خوێندنە کاریگەرى وەهاى نابێت و خوێندکارەکانى ناتوانن هەلى کارى باشتر بدۆزنەوە یان ئامادەییەکى گرنگیان هەبێت لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا. بۆئەوەى زانکۆ ڕۆڵى هەبێت لە کۆمەڵگا و وڵاتەکەدا پێویستە زانکۆ بەنێودەوڵەتى بکرێت. تا ئێستا سەدان کتێب لە بواری پرۆسەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكاندا نوسراون بەڵام بەداخەوە لە کوردستان هیچ نوسراو یان پەرتوکێکى وەها بە زمانى کوردى لەبەردەست نیە بۆ ئەم پرسە گرنگە و وەک بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى چەرموو بە ئەرکى خۆمانى دەزانین وەک دەستپێشخەریک چەند زنجیرەنوسینێک لەم بوارەدا بڵاو بکەنەوە ئەرکى بەرپرسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و سەکردایەتیکردن لە بوارى بەنێودەوڵەتیکردن لەم بوارانەى خوارەوەدایە: 1. پرسی بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان بکرێت بە پرسێکى گرنگى خوێندنى باڵا 2. شەرعیەت بدرێت بە پرۆسەى بەنێودەوڵەتیکردن و جەخت لە گرنگی بەنێودەوڵەتیکردن بکاتەوە 3. دەستنیشانکردنى دەرفەت و هەل و پێگەیاندنى سەرکردە و ڕابەر لە بوارى بەنێودەوڵەتیکردن 4. دیاریکردنى پرۆسەیەکى ڕوون بۆ هاوکاریکردن و سەرخستنى بەنێودەوڵەتیکردن 5. پەیوەستکردن و گرێدانى بەنێودەوڵەتیکردن لەگەڵ پلانىستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ یان دامەزراوە ئەکادیمیەکە 6. چاودێریکردن و جێبەجێکردنى پلانى گەشەپێدانى کارکردن بۆ بەنێودەوڵەتیکردن 7.دابین کردنى سەرچاوەی پێویست و گەڕان بەدواى فرەچەشن کردنى پاڵپشتى دارایی بۆ زانکۆ و وەرگرتنى مینحە و پڕۆژە. 8. بەشداریپێکردنى زانیارییەکان لەگەڵ سەرجەم بڕیاڕبەدەستانى زانکۆ بەتایبەتى ڕاگرەکان و سەرۆک بەشەکان و بەشى بەڕێوەبردن و ئیدارى پێدانى ڕۆڵ پێیان بۆئەوەى ئامانجەکانى بەنێودەوڵەتیکردن بهێنرێتە دی 9. کارکردن بە تیم و هەوڵى دەستەجەمعى زانکۆى پێویستە 10. شانازیکردن و بڵاکردنەوەى نمونەى سەرکەوتووى بەنێودەوڵەتیکردن 11. ئەوەمان لەبیر بێت ئەم پرۆسەیە چەندین ساڵ ڕەنج و ماندوو بوونى دەوێت 12. هەڵسەندنگاندنى ستراتیژ و ڕادەى جێبەجێکردنى چالاکیەکانى تایبەت بە بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ
تێبینى: لەچوارچێوەى پڕۆژەى تایگریس کە لەلایەن یەکێتى ئەوروپاوە پاڵپشتى دارایی کراوە و ساڵی ڕابردوو پڕۆژەکە کۆتایی هات. تیایدا هەشت زانکۆى کوردستان بەشدارى هەموو چالاکیەکانى پڕۆژەى تایگریس بوون. بەشێکى ئەو پڕۆژەیە بریتى بوو لە هاوکاریکردنى زانکۆکانی کوردستان بۆئەوەى ستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى هەریەک لە زانکۆکانى خۆیان دابڕێژن. بەشێکى تر لە کارەکانى پڕۆژەى تایگرس ئەوە بوو کە تۆڕی بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ کوردییەکان دابمەزرێت. ئەوە بوو هەشت زانکۆ بەشدارییان لەو گرێبەستەدا کرد و واژۆی ئەوەیان کرد کە هاوکارى پڕۆسەى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان بکەن لە ڕێگەى تؤڕى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ کوردیەکان. لەبەروارى 28 ى ئازارى 2022 هەریەکە لە نوێنەرى ئەو زانکۆیانە بەشداربوون لە کۆبونەوەیەکى بەدواداچووندا بزانن لەدواى ئەو ڕێکەوتنەوە چى کراوە و چى بکرێت لە ئایندەدا بۆ سەرخستنى پرۆسەى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ کوردیەکان. وەزارەتى خوێندنى باڵاش خۆى بەشێکە لە دامەزرێنەرانى ئەو تۆرى بەنێودەوڵەتیکردنە بەڵام بۆیان نەکرا بەشدارى ئەو کۆبونەوەیە بن. لەبەشەکانى ئایندەى ئەم نوسینەدا باس لە گرنگى ئەو تۆڕە و کارکردن بۆ پرسى بەنێودەوڵەتیکردن زیاتر دەکەین. بەتایبەتى باس لەوە دەکەین کە چۆن بەڕێوەبەڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆ دەتوانێت دامەزراوەى خوێندنى باڵا وەها لێ بکات هاوکاری پرۆسەى بەنێودەوڵەیتکردنى خوێندنى باڵا بکەن. |
News and Activities >