به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى زانكۆى چه‌رمۆ به‌شدارى كۆنفرانسى لوتكه‌ى جیهانى كاریگه‌ریه‌كانى كۆفید ده‌كات
د. پشتیوان فه‌ره‌ج كه به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه نێودهوڵهتیكانى زانكۆى چه‌رمۆیه و مامۆستایه له به‌شى زمانى ئینگلیزى به‌شدارى كۆنفرانسى لوتكه‌ى جیهانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كرد كه تیایدا پاپاى فاتیكان و سكرتێرى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و 66 كه‌سایه‌تى و پسپۆرى جیهانى باسیان له كاریگه‌ریه‌كانى فایرۆسى كۆفید-19 كرد له‌سه‌ر هه‌ڵكشانى ڕاده‌ى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان و به‌ساڵاچوان و په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران و ئاوه‌ره ناوخۆیه‌كان و ئه‌وانه‌ى كه نه‌خۆشى درێژ خایه‌نیان هه‌یه.
دكتۆر پشتیوان كه‌له هه‌مان كاتدا نوێنه‌رى ڕێكخراوى میدیاى سه‌ربه‌خۆیه له كوردستان و ئه‌زمونى 15 ساڵ كاركردنى له بوارى مرۆیی هه‌یه له‌گه‌ڵ زۆرێك له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ته‌نها پسپۆر و شاره‌زاى عێڕاق بوو كه به‌شدارى ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ى لوتكه‌ى جیهانى كرد و تیایدا جگه له‌وه‌ى كه ئه‌ندامى ڕێكخه‌رى كۆبونه‌وه‌كه بوو وه‌ك پانێڵیستێك تیشكى خسته سه‌ر ژیان و دۆخى ئاوه‌ره ناوخۆیه‌كانى عێڕاق له كوردستان كه ژماره‌یان نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن و نیو كه‌س ده‌بن و باسى له‌وه كرد كه به هۆى قه‌یرانى كۆفید و وه‌ستانى سه‌رجه‌م كایه‌كانى ژیان ئاوه‌ره ناوخۆییه‌كان زۆر زیاتر كاریگه‌ر بوون به په‌تاى كۆفید و داواى له سكرتێرى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد كه بایه‌خ و گرنگى زیاتر بده‌ن به ژنان و گه‌نجان و منداڵان و به‌ساڵاچوان و ئه‌وانه‌ى كه نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه له ناو كۆمه‌ڵگاى ئاوه‌ره ناوخۆیه‌كانى كوردستان.
زانكۆى چه‌رمۆ خۆشحاڵه كه مامۆستایه‌كى هه‌یه له سه‌ر ئاستى جیهانیدا چالاكى و به‌شدارى گرنگى هه‌یه له پرسه جیهانیه‌كاندا و توانیویه‌تى كاریگه‌رى و جێ ده‌ستى خۆى له كوردستان دیارى بكات و پرسه گرنگه‌كانى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جیهانیدا بناسێنێت. |
News and Activities >